فارسی English

پارێزگای کوردستان

پارێزگای کوردستان لە باکووری ڕۆژاوای ئێران ھەڵکەوتووە کە ناوچەیەکی جوگرافیایی بەرینی ھەیە (28.203 کیلۆمەتر) و نزیکەی 200 کیلۆمەتر سنووری ھاوبەشی لەگەڵ کوردستانی عێراق ھەیە. پارێزگا نزیکەکانی بریتین لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا (باکوور) و زەنجان (باکوور و ڕۆژھەڵات) ھەمەدان (ڕۆژھەڵات) کرماشان (باشوور). بەپێی دوایین دابەشکردنی ساڵی 2003، ئەم پارێزگایە 9 شارستان، 23 شار، 23 ناوچە، و 77 ناوچەی لادێیی و 1767 گوندی ھەیە. شاری سنە ناوەندی ئەم پارێزگایە کە 512 کیلۆمەتر لە تارانەوە دوورە. شارە گەورەکانی ئەم پارێزگایە بریتین لە بانە، بیجار، دیواندەرە، سەقز، قوروە، کامیاران، سەوڵاوا و مەریوان (نەخشەکە ببینە). بەپێی دوایین سەرژمێریەکانی ساڵی 2003، زانکۆی کوردستانن 1،574،119 دانیشتووی ھەیە کە زۆرترین حەشیمەتی دانیشتوانی شارەکانی بەم شێوەیەن، سنە (419،750) و سەقز.

پارێزگای کوردستان ناوچەیەکی شاخاویە کە بەشێوەی مامناوەند بەرزاییەکەی دەگاتە 2000 مەتر لە ئاستی زەریا، ئەمەیش وای کردووە کە ئەم پارێزگایە ببێتە بەرزترین پارێزگای وڵات. بەرزترین و نزمترین شوێنەکانی پارێزگا، شاھۆ و ناوچەی ئاڵووتن بە بەرزایی 3300 و 900 مەتر، ئەمە جیاوازی نێوان بەرزترین و نزمترین شوێنی پارێزگا نیشان ئەدات کە دەبێتە 2،400 مەتر. ئەم جیاوازیە، بە نۆبەی خۆی، کەش و ھەوای جیاجیا لە ناوچەکە دروست دەکات وەک بەھار و ھاوینی خۆش و زستانی سارد.  لوتکە بەرزەکانی دیکەی پارێزگا ئەمانەن ئاویەر، سوڵتان سراجەددین، عەواڵان (بەرەو باشووری شاری سنە) شانشین (لە ژاوەرۆ)، کوچکسار (بەرەو باشووری سنە)، چەرخەلان (بەرەوە باشووڕی ڕۆژاوای سنە).

Kurdistan Climate

زۆربوونی بەرزاییەکان و ھەڵکەوتنیان لە ناوچەکە دا وای کردووە کە یەکەمین بارینەکان لە ڕۆژاوای ئێران لێرەوە دەست پێ بکات. بارینەکان بە چەشنێکن کە لە بەرزاییەکان دا بەفر و  لە بەشەکانی خوارەوە (داوێنی چیاکان) باران دەبارێت. ڕێژەی نێوەندی بارینی ساڵانەی پارێزگا 500 میلی مەترە و مەریوان زۆرترین ڕێژەی بارینی ساڵانەی (800 میلی مەتر) ھەیە. سەرەڕای ئەمە، ئەم پارێزگایە چەندین ڕووبار، گۆل و بەفرەچاڵی سروشتی ھەیە. ڕووبارەکانی ئەم پارێزگایە دەڕژێنە ناو دوو ئاوبەند: ئاوبەندی زەریای قەزوین و ئاوبەندی گۆلی ورمێ و ھەروەھا ھەندێکیشی دەچیتە نێو خاکی عێراق. ڕووباری قزڵوەزەن و  زێکانی قومچقای، ئاوێزاندرە، تراڤال و شوور دەرژێنە ناو زەریای قەزوێن.  زەڕینەڕوود، ڕووباری خوڕخوڕە و سیمینەڕوود و زێکانی ئەوانیش تێکەل بە ئاوبەندی گۆلی ورمێ دەبن.  ڕووباری سیروان درێژترین ڕووباری پارێزگای کوردستانە کە گەورەترین سەرچاوەی ئاوی و سەرچاوەی چەندین زێی دیکەی پارێزگاکەیە. ئەم ڕووبارە بە دۆڵ و شیوە قووڵەکان دا تێپەڕ دەبێت و  شەپۆلە مەزنەکانی ئەم ڕووبارە شتێکی باشە بۆ کانوو و بەلەم سواری. ئەم ڕووبارە لە کۆتایی دا تێکەڵ بە ڕووباری تگریس لە عیراق دەبێت.

پارێزگای کوردستان گۆلێکی سروشتی (گۆلی زرێوار لە مەریوان)، و چەندین گۆلی دەسکردی ھەیە وەک قشڵاق (15 کیلۆمەتری باکووری بەنداوی قشڵاق)، گاوشان (45 کیلۆمەتری باشووری سنە لە نزیک بەنداوی گاوشان)، و بۆکان (باکووری شاری سەقز). گۆلی زرێوار دیمەنگەڵێکی ھەرەجوان و سەرنجڕاکێش دەخولقێنێت و لە داوێنی شاخە بەرزەکان دا ھەڵکەوتووە. ئاوەکەی زۆر سارد و خۆشە. ڕێژەی نێوەندی قووڵایی ئەم گۆلە دەگاتە 3 متر بەڵام زۆرترین قوڵاییەکەیشی دەگاتە 50 مەتر. درێژایی ئەم گۆلە 5 کیلۆمەترە و لانی‌زۆر 1.7 کیلۆمەتر پانتایی ھەیە، دار و دارستانی ئەستوور دەوری ئەم گۆلەیان داوە و دەرفەتی باش بۆ ماسیگرتن و وەرزشە ئاوییەکان دەڕەخسێنێت.

Kurdistan Climate 2

سەرەڕای ھەبوونی گۆل و ڕووباری زۆر، کوردستان سەرچاوەی ئاوی کانزایی زۆری ھەیە. سەرنجڕاكێشترینەکانی ئەمانەن: گۆڤاز لە باکووری ڕۆژاوای کامیاران، ئابێ تەلخ (آب تلخ) لە نزیکی بیجاڕ و بابەگوڕگوڕ لە باکووری قوروە.

دارستانەکانی ئەم پارێزگایە ناوچەیەکی 320 ھێکتاری دادپۆشن کە لە بەشەکانی باکووری بانەوەو دەست پێ دەکات و ھەتا مەریوان و بەشەکانی ڕۆژاوای پارێزگای کوردستان پەرە دەستێنێت. دارستانەکان چەندین جۆری داریان تێدایە وەک بەڕوو، مازۆ، ھەرمێ کێفیلە، وەن و  بڵاڵووک. ئەم دارستانگەلە پەناگەیەکن بۆ ئاژەڵ و پەلەوەرە جۆربەجۆرەکانی وەک پڵنگ، پەزەکێفی، کەمتیار، چەقەڵ، گورگ، ڕێوی، ڕاسوو، کەو، سۆنە، لەقلەق، تووتی، و ھەڵۆ.

ھەروەھا پارێزگای کوردستان ھەندێ ئەشكەوتی سروشتی ھەیە وەک ئەشکەوتی کەرەفتوو، نزیک بە شاری دیواندەرە. ئەمە تەنھا ئەشکەوتێکی سروشتی نیە بەڵکو شوێنێکی کەوناراییە کە مرۆڤەکان لە پێش‌مێژوو بەکاریان بردووە. ئەم ئەشکەوتە چوار نھومە و چەندین ژووری چوونەناو و دەلاقەیشی ھەیە. لەسەر تاقی یەکێک لە ھۆڵەکانی نھۆمی سێیەم، ناوی خودای یۆنانی ھێرکوول ھەڵکۆڵاوە و ھەربۆیە وەک پەرەستگای ھێرکوول دەناسێندرێت. لە نھۆمی چوارەمی ئەشکەوتەکە، خشت و  شتی دەسکردی مێژوویی دۆزراوەتەوە کە شاھیدی دەدەن لەسەر مانەوەی مرۆڤ لەم ئەشکەوتە لە سەردەمی ئەشکانی و ساسانی ھەتا سەردەمی ئیسلام، یەکێکی دیکە لە ئەشکەوتە بەناوبانگەکانی ناوچەکە، ئەشکەوتی شووڤیە کە درێژاییەکەی 267 مەترە و لە نزیک شاری بانە ھەڵکەوتووە.

جوگرافیای تایبەتی ئەم پارێزگایە، سروشتی جوان و کەش و ھەوای جۆربەجۆر، ئەم ناوچەیەی کردوەتە خاڵێکی سەرنجڕاکێش و تایبەت بۆ گەشتیاران. بەپێی ستانداردە جیھانیەکان، گەشتیاران زۆر حەزیان لەو شوێنانەیە کە پلەی گەرمایان 20 بۆ 25 پلەی سلسیووسە؛ چونکە ڕێژەی نێوەندی گەرمای ڕۆژانە لە ناوەڕاستی مانگی مەی و ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەر لەم پارێزگایە لە نێوان 22 بۆ 28 پلەی سلیسیووسە، ئەم کاتە باشترین کاتی ساڵە بۆ  سەردان و وەرگرتنی گەشتیاران.

زۆربەی خەڵکی پارێزگای کوردستان سەرقاڵی کشت‌وکاڵ و ئاژەڵدارین. کەش و ھەوای سروشتیی ناوچەکە و ھەروەھا خاکی پڕپیتی، ئەم پارێزگایە کردوەتە شوێنی زۆر گونجاو بۆ پیشەسازی کشت‌وکاڵ و ئاژەڵداری. گەنم، جۆ، دانەوێلە و میوە بەرھەمە سەرەکیەکانی کشت‌وکاڵیی ئەم ناوچەیەن. پیشەسازی کیمیا، ئاسن، پارچە، چەرم و خۆراک پیشەسازیە سەرەکیەکانی دیکەی ئەم پارێزگایەن.

پیشە دەسکردەکانی پارێزگای کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ کەلتووری خەڵک و بەپێی خواستی خەڵک گەشەی کردووە. فەرش‌چنین و کاری چێوین لە پارێزگا سەرنجی خەڵکانی جیھانی ڕاکێشاوە و ھەوەھا ناوبانگیشی دەرکردووە. فەرش و مافووری کوردی بەھۆی دیزاینی تایبەتی کوردایەتی، ڕەنگی سروشتی و بەن و پۆی جۆربەجۆر بەناوبانگە. شارەکانی بیجاڕ و سنە بە فەرشی کوالیتی-باش ناسێندراون. جۆڵای پسپۆڕ بە شێوازی چنینی کۆن کە بە جۆڵایی ناسراوە جلوبەرگی پیاوانە دروست دەکات، بەرھەمە چنراوەکانی تر وەک مەوج (کە بۆ  داپۆشینی دۆشەک، سەرین و پەتۆ بەکار دەھێنرێ) و جانەماز (جۆرێک بەرماڵ). یەکێکی دیکە لە نموونەی بەرھەمە دەسچنەکان کڵاشە، جۆرێک پێڵاو کە لە ناوچە کوردیەکان بەرھەم دەھێنرێت و بەھۆی نەرم‌بوونیەوە ئەو پێڵاوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان زۆر باشە. سووکبوونی کڵاش بووەتە ھۆی ئەوەی کە تەنانەت ئەمڕۆیش لە وەرزە وشکەکان دا بژاردەیەکی زۆر باش بێت بۆ لەپێ‌کردن.

Handicrafts – Rugs
پارێزگای کوردستان بە دیزاینی ئاڵۆزی تەختەشەترەنج و  تەختەی تاولە ناسێندراوە و بە ھۆی ھەبوونی داری کوالیتی باش لە ناوچەکە، ئامێرەکانی مووزیکی دەسکرد ناوبانگی دەرکردووە.
Handicrafts – Backg.

ھەروەھا ئەم پارێزگایە بەھرە و توانای مووسیقای زۆری ھەیە کە ناوبانگی ناوچەکەی زیادتر کردووە. ئامێرە مووسیقاییەکان وەک قەرنەتە (ئامێرێکی مووزیکی دووزەلە) و تەمبوور (ئامێرێکی تەلداری ڕشتەیی). بەرھەمە چێوییەکانی دیکەی کوردستان بریتین لە پیپ (دەمەوانە)، نێرگەلە، یەغانی چێوین، و  سندووقی ئارایشت.

Handicrafts – Music

بەرھەمە دەسکردەکانی دیکە کە لەم پارێزگایە دا بەرھەم دەھێنرێنن بریتین لە بەرھەمە بەردینەکان، سەوەتەچنین، خشڵ و شتومەکی ڕازاندنەوە و بەرھەمە چەرمیەکان.

ئەم پارێزگایە شانازی دەکات بە ھەبوونی چەندین جۆری شیرینی ناوچەیی وەک کونجی گزەنبین، بادام سووختە، باسلۆق و نان‌برنجی. لە نێوان ئەم شیرینیانە دا کونجێد/کونجی بە شێوەیەکی تایبەت لە ناوەندی پارێزگا، واتە سنە ساز دەکرێت و گەشتیاران زۆر حەزیان لەم بەرھەمە یە.

یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشترینەکانی پارێزگا تایبەتمەندیە فەرھەنگیەکانیە. وەک زمان، مووزیکی ناوچە، جلوبەرگی نەتەوەیی، ھەڵپەڕکێی نەتەوەیی، فستیڤاڵ، میھرەجان، و بەرھەمە دەسکردەکان. زمانی یەکەمی خەڵکی ئەم پارێزگایە کوردیە و خەڵک بەم زمانە قسە دەکەن. زمانی کوردی یەکێکە لە زمانەکانی ڕۆژاوای ئێران کە گرێدراوە بە فارسی و پەشتۆ و ھەروەھا فارسیش یەکێکە لە لقەکانی زمانە ھیند و ئەورووپیەکان. کوردیش وەک زمانێک ڕێسای ڕێزمانی و ڕێنووسیی تایبەت بە خۆی ھەیە. بەھۆی پەرتەوازەیی زۆری حەشیمەتی کوردان و بەربڵاوی و پانتایی کوردستانەوە ("خاکی کوردان")، ئەم زمانە 2 زاراوە و چەندین بنزاراوەی ھەیە. ھەبوونی زاراوەی جیاجیا ئەم زمانەی لە ڕووی وشەوە زۆر دەوڵەمەند کردووە؛ و ھەروەھا ئاوازی خۆشی وشەکانی ئەم زمانە بەشێوەیەکی بەرچاو کارە ئەدەبی و مووسیقاییەکانی زمانی کوردی زۆر دەوڵەمەندتر کردووە.

Kurdish Dance

سەمای کوردی یان ھەڵپەڕکێ ئاوێنەی مێژووی کۆنی خەڵکی کوردە و بە ڕوانینی نزیکتر بە ھەڵپەڕکێی کوردی، تێدەگەین کە ئەم ھونەرە ڕەنگدانەوەی تەواوی ژیانی ڕۆژانە و کاری خەڵکە. مێژوو و پێشینەی ئەم ھونەرە دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕە ئایینیەکانی خەڵک، فستیڤاڵە نەتەوەیی و میھرەجان، یارییە ناوچەییەکان لە شەڕ و بەرگری دا، و ھەروەھا ھەستی ناخ و باری دەروونی خەڵکی کورد. ھەڵپەڕکێ لە سەرانسەری کوردستان دا جۆری جیاجیای ھەیە، بەڵام سنە و مەریوان دوو شارن کە لەم بوارەوە بەناوبانگ و دەوڵەمەندن و ھەڵپەڕکێی جۆربەجۆریان ھەیە کە ناوەکانیان بەم شێوەی خوارەوەن: گەڕیان، پشت‌پا، فەتاح پاشایی، چەپی، زەنگی، شەلان، سێ‌جار، و خانەمیری. ھێشتا ئامێرە مووسیقاییە کۆنەکان بۆ ھەڵپەڕکێ بەکار دەھێنرێن، بەڵام ئامێرە ئەلەکتریکیە نوێیەکان زۆرتر کەڵکی لێ‌وەردەگیردرێت.

کوردستان بە ھەبوونی یەکێک لە جوانترین جلوبەرگەکانی جیھان شانازی دەکات. ھەروەک زۆربەی گەشتیارەکان لە کتێبەکانیان دا نووسیویانە، جلوبەرگی کوردی لە جوانی و ڕەنگەکانی دا زۆر بێوێنە و تایبەتن. بەھۆی تایبەمەندیە ئەرێنی و جوانەکانیەوە لە چەندین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی دا پلەی یەکەمی بە دەست ھێناوە. لە زۆربەی بەشەکانی پارێزگا ھێشتا خەڵکی لە ژیانی ڕۆژانەیان دا بەشێوەیەکی بەرچاو جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکەن و ئەم جلوبەرگە بایەخێکی زۆری لە زەماوەند و بۆنە ئایینیەکان دا پێ‌دەدرێت.

یەکێک لە مەراسیمە گشتیە زۆر بەناوبانگەکانی خەڵک کورد، نەورۆزە (دەسپێکردنی ساڵی نوێ). خەڵکی کورد بە ئاگرکردنەوە و ھەڵپەڕین بە دەور ئاگرەکە دا نەورۆز جێژن دەگرن. جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربان دوو بۆنەی ئایینی بەرچاون کە خەڵکی کورد زۆر ڕێزی لێ‌دەگرن، ھەروەھا جێژنی لەدایک‌بوونی پێغەمبەر موحەممەد (دروودی خوای لێ بێت)/مەولوودی لە سێھەم مانگی ڕۆژژمێری ئیسلامی دا.

Newroz

فستیڤاڵیکی گرنگی تر، فستیڤاڵی پیرشالیارە (مەراسیمێکی ڕەسەنی کۆن) کە لە گوندی ھەورامانی تەخت بەڕێوە دەچێت. بەپێی تۆمارە مێژوویی و کەوناراییەکان، مرۆڤ لە سەردەمی پێش‌مێژوو لە ناوچەی ھەورامان نیشتەجێ بوونە. ئەم فستیڤاڵە بەناوبانگە دوو جار لە ساڵ دا بەڕێوە دەچێت. لە ھەردوو ڕۆژی 45ـەمی بەھار و 45ـەمی زستان لە گوندی پیرشالیار بەڕێوە دەچێت. ئەم مەراسیمە ساڵیادی ئاھەنگی ھاوسەرگیری پیری ئەفسانەییە ( کەسێکی بەساڵاچووی بەڕێز)، کە ناوی شەھریار بووە (یان شالیار لە زاراوە کوردیەکان دا) لەگەڵ شازادەیەک دا، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانە کۆنەکانی ناوچەکە.

Pir Shalyar

مەراسیمی پیر شالیار بەوە دەست پێ‌دەکات کە منداڵان گوێزەکانی باخی پیر شالیار بە ناو خەڵکی گوندی ھەورامانی تەخت و گوندەکانی دیکەی دەوروبەر دا بڵاو دەکەنەوە. ئەمە وەک داوەتێکە لە خەڵکی ئەو گوندانە کە بەشداری لەم مەراسیمەدا بکەن. ئاساییە کە مانگا، مەر و بزن قوربانی بکرێت. ھەندێک خواردنی تایبەت وەک نانێک کە پێی دەوترێت کولێرە مەجگە (ھەویر، گوێز، بادام و پیاز) دروست دەکرێت و لە نێوان بەشداربووان دا بڵاو دەکرێتەوە. دەف لێ‌دەدرێت و  دەروێشەکانیش لە کاتێک کە دوعای تایبەت دەخوێنن زیکر دەکەن. ژمارەی ئامادەبووانی ئەم مەراسیمە دەگاتە ھەزاران کەس و ھەر بۆیە زۆر قەرەباڵغە. فستیڤاڵەکە لەم ساڵانەی دوایی دا سەرنجی خەڵکی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیشی ڕاكێشاوە.